|
ئه‌مڕۆ ڕۆژی:
دووشه‌ممه 6- 9- 2010
زاینی, كاتژمێر:
21:3:18
ماڵپه‌ڕی خــــــــه‌رمانان
| ||||||||
|
| ||||||||
|
| ||||||||
|
له‌سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا منداڵ وه‌ك مرۆڤێکی ناسك وبێگه‌رد سه‌یر نه‌ده‌کرا، به‌ڵکو وه‌ك که‌سێکی گه‌وره مامـهڵهی له ته‌ك ده‌کرا. له شۆڕشی پیشه‌سازیدا منداڵ وه‌ك گه‌وره‌یه‌ك کاری ته‌واوه‌تی پێده‌سپێردرا، هه‌رچه‌نده ئه‌م دیارده‌یه تا ئێسته‌ش له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا ده‌بینرێ بۆ نموونه ئه‌مریکای ناوه‌راست وخواروو، که‌مبۆدیا، پایته‌ختی کینیا، سمۆکی له فیلیپین ده‌یان هه‌زار منداڵ له‌ناو زبلخانهکاندا به‌دوای پارووی رۆژانه‌یاندا ده‌گه‌رێن ، له مۆسکۆ له ناو زێرابه‌کاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن له زائیر،به‌رازیل،کۆلۆمبیا، فه‌نزویلا،هندستان ، به‌نگلادش، ئه‌فریکا، رواندا، زمبابۆی، ئه‌سیوبیا، مۆزه‌مبیق، له خوارههڵاتی ناوه‌راستیشدا به‌شی شێری به‌رکه‌وتووه ، ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها له وڵاته دواکه‌وتوه‌کاندا نیه به‌ڵکو له ئه‌مستردام پایته‌ختی هۆڵه‌ندا 7000منداڵی سه‌رشه‌قام هه‌یه، له‌ته‌مه‌نی (14-18) ساڵن به‌ڵام ئه‌م منداڵانه جیاوازیان هه‌یه له‌گه‌ڵ منداڵانی تردا، له‌لایه‌ن پۆلیس و ده‌زگا حکومیه‌کانه وه هه‌موو جۆره هاوکارییه‌کیان ده‌کرێ، شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان ، خواردنیان جل‌و به‌رگ گۆرێن وشتنیان بۆ ئاماده ده‌کرێ،هه‌رچه‌نده له‌هه‌موو بارودۆخێکدا دوورن له گه‌رمی و خۆشه‌ویستی وئارامی ناو خێزانه‌کانیان. ئاماره‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که له‌هه‌موو جیهاندا 100ملیۆن تا 150 ملیۆن منداڵ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان هه‌یه، هه‌روه‌ها لێکۆڵه‌ره‌کان ده‌ریان خستوه تا ساڵی 2020 ئه‌م رێژه‌یه ده‌گاته 800 ملیۆن منداڵ و له پێنج منداڵ یه‌کێکیان له‌خوار هه‌ژده ساڵه‌وه‌یه ، هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وتوه له نێو ده منداڵ یه‌کێکیان کچه . یونیسێف مندالانی کردوه به دوو به‌شه‌وه: یه‌که‌میان: ئه‌ومنداڵانه‌ن که کاری سواڵ یان ده‌ستگێری ده‌که‌ن و شت ده‌فرۆشن وه‌کو رۆژنامه ، کیسه‌ی نایلۆن فرۆشتن، بۆیاخ کردنی پێلاو ، کۆمه‌ڵێ کاری قورس و کرێکاری و ....هتد ، ئێواره که گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه دهسکهوتکهیان ده‌که‌نه ده‌ست خێزانه‌کانیان ، له زۆربه‌ی کاتدا ئه‌م خێزانانه له‌باری ئابووریه‌وه ژیانیان جێگیر نیه به ناچاری منداڵه‌کانیان به‌ره‌و شه‌قامه‌کان ده‌نێرن. دووه‌میان: ئه‌و منداڵانه‌ن که خێزانیان هه‌یه به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی رۆشنبیری وگرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی وکه‌می لێپرسینه‌وه‌و توند‌و تیژی به‌رامبه‌ریان ناچار ده‌بن روو له شه‌قامه‌کان بکه‌ن. زۆربه‌ی منداڵانی سه‌رشه‌قام له شاره هه‌ژار نشینه‌کاندان و مه‌رج نیه ئه ومنداڵانه بێ دایك وباوك یان خێزان بن، به‌ڵکو له شوێنێکدا ده‌ژین که هه‌ست وسۆزو خۆشه‌ویستی وئارامی تێدا به‌دی ناکه‌ن ،یان چاودێری به‌رده‌وامیان نیه له لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه بێگومان ده‌بنه قوربانیی ده‌ستی رۆژگار . ژیان به‌سه‌ر بردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ خۆی درامایه ، ناخی هه‌موو مرۆڤێک ده‌هه‌ژێنێت وفرمێسکی پێدهبارێنێ ، زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه ده‌نالێنن به‌ده‌ست نه‌بوونی بارێکی ته‌ندروستی باش و نادروستی خواردنه‌وه ، نه‌بوونی گه‌رمی خێزان کێشه‌ی ده‌روونی بۆ دروست کردوون له پاشه‌رۆژدا ده‌بنه که‌سێکی نامۆ به‌خۆیان و کۆمه‌لگاکه‌یان ، فێری کۆمه‌ڵێ ره‌فتاری ناشڕین و دزێو ده‌بن، وه‌کو درۆکردن، دزی کردن، ئاماده‌بوون و نه‌سڵه‌مینه‌وه له توشبوونی ده‌ستدرێژی سێکسی و توند‌و تیژی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و لاسایکردنه‌وه‌ی ره‌فتاری گه‌وره‌و ونبوونی سیمای منداڵی و نه‌بوونی باوه‌ر به خۆ و دواتریش رووانی چه‌مکی شه‌ره‌نگێزی له نێو ده‌روونیاندا . ده‌کرێ له‌ناو ئهومنداڵانهدا زۆرخاوهن به‌هره‌و سه‌لیقه دار هه‌بن و رۆژانی تاڵی ژیان که‌سانێکی زۆر به‌هێزو به‌تواناو مرۆڤ دۆستیان لێ دروست بکات ، هه‌رچه‌نده ئه‌مه ده‌گمه‌نه وه‌کو (چارلی چاپلین) که نمونه‌ی جوانی مرۆڤه‌و کاره‌کانی تا ئێسته‌ش خزمه‌ت به‌هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌که‌ن . وه‌لێ ده‌کرێت که‌سێکی شه‌ره‌نگێزی وه‌کو (هێتلر) یش له‌نێویاندا دروست ببێ که ببێته مایه‌ی ئازار بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی، به‌لام به‌شیوه‌یه‌کی گشتی باری ده‌روونی هه‌موو ئه‌و منداڵانه له قه‌یراندایه ، چاره سه رییان بێگومان له قازانجی کۆمه ڵگادایه. به‌پێی توێژینه‌وه‌ی زانستی منداڵ له پێنج ساڵی یه‌که‌میدا سه‌رده‌می دانانی به‌ردی بناغه‌ی که‌سایه‌تی خۆیه‌تی ، به‌دوای ئه‌مانه به‌چاودێری به‌رده‌وام و لێپرسینه‌وه‌ی خێزان و خوێندنگا‌و پێدانی هه‌موو جۆره پێویستیه‌ك تا له ئاینده که‌سێکی ئاسایی په‌روه‌رده‌کراو ده‌رچێت ، دیاره له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتنخوازدا هه‌موو هه وڵهکان له‌گه‌ر ده‌خرێ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته که‌سانێکی شیاو و داهێنه‌ربن وسوود به خۆیان و کۆمه‌ڵگایان بگه‌یه‌نن ، منداڵانی کۆمه‌لگه‌ی کوردیش به‌هه‌رچوار پارچه‌که‌ی بێبه‌ش نین له‌م دیارده دزێوه و پێوه‌ی ده‌ناڵێنن . رۆژانه ڕێژه‌یان له زۆربووندایه چونکه به‌پێی پێویست به‌دواچوونێکی زانستیانه بۆ کێشه‌که‌یان ناکرێ و نه‌بووه‌ته جێگای بایه خ و خه‌مێکی گه‌وره لای ده‌سه‌ڵاتداران . به‌رزبوونه‌وی ڕێژه‌ی منداڵانی سه‌ر شه‌قام به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نه‌بوونی زه‌مینه‌ی دیمۆکراسی و سته‌می ده‌سه‌ڵاتداران و نه‌بوونی یاسا ، به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری و بێ‌کاری و نایه‌کسانی له دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و میلله‌ته‌و گیر‌و گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی ونه‌بوونی هۆشیاری و په‌یره‌و پرۆگرامی نوێ بۆ په‌روه‌رده‌و فێرکردن وخۆپه‌رستی وکۆمه‌ڵی هۆکاری تر بوونه‌ته هۆی ئه‌و دیارده‌یه‌ی که له‌ناو کوچه‌و شه‌قامه‌کاندا به‌دیده‌کرێ که چۆن ئه‌و منداڵه چاو گه‌شانه له‌ناو بێبه‌زه‌یی و جه‌نجاڵی بازاردا گه‌مه به‌ژیان وچاره‌نووسی خۆیان ده‌که‌ن به به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌یان خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ندو بهدارای شاره‌وه له کاتێکدا که ئێمه‌له باشوور نیمچه ئازادیه‌کمان به‌ده‌سته ، که ده‌بوو باشووری کوردستان ببوایه به داڵده‌یه‌کی گه‌وره و خه‌می مندالانی هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی به بێ جیاوازی له کۆڵ بگرتنایهو کاریان بۆ چه‌سپاندنی هزری نه‌ته‌وه‌یی بکردایه جێی ی داخه ئێمه‌ی کورد ئاوا ده‌ڕوانینه نه‌وه‌ی داهاتوومان و ئیتر چۆن ده‌توانین داوای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ین له‌کاتێکدا که گرێیه‌کی بچوک و گرێنگ و دیارده‌یه‌کی دزێوی نهوجوانهکانمان پێناکرێته‌وه . ئێمه‌ی کورد گه‌ر له‌لایه‌نی تیوریه‌وه شڕۆڤه‌ی بابه‌تێک بکه‌ین شتی زۆر گه‌وره‌و باش ده‌لێێن به‌لام کاتێ دێینه سه‌ر پراکتیزه‌کردنی به پێی پێویست ناگه‌یه‌نه مه‌به‌ست، چه‌ندین رێکخراو بۆ منداڵان هه‌یه وه‌کو مناڵپارێزی کوردستان، لانه‌ی منداڵان، رێکخراوی ئه‌ستێره ، رێکخراوی لاوان و چه‌ندینی تریش، ئایا وه‌کو پێوسیت چی کراوه تا ئه‌م دیارده‌یه بنه‌بڕ بکرێت و یان که‌متر بێته‌وه ؟ به پێچه‌وانه‌وه تا ژماره‌ی رێکخراوه‌کان زۆر بن رێژه‌ی منداڵانی سه‌ر شه‌قام له زیاد بووندایه. به پێی ی یاسای ناوخۆ و نێو ده‌وڵه‌تی کار کردن بهمندالانێ له خوار 18 ساڵه‌وه قه‌ده‌غه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ر دوکاندارێك منداڵ به‌کار بهێنێ بۆ کار سزای خۆی هه‌یه، ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاگای له‌م جۆره یاسایانه هه‌یه ؟ یان خۆی گێل ده‌کا، ئه‌ی نایبینێ و نابیسێ زۆربه‌ی منداڵان له شه‌قام وکوچهکاندا ژیان ده‌گوزه‌رێنن وله‌رووی ڕه‌چاو نه‌کردنی رێنماییه‌کانی هاتو و چۆوه ژیانیان به‌به‌رده‌وامی له مه‌ترسیدایه. ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتداران ورێکخراوهکانه که ئه‌م منداڵانه بگه‌رێننه‌وه ناو کۆمه‌ڵگاو هه‌وڵ بده‌ن سه‌رله‌نوێ له‌گه‌ڵ ژێنگه‌یه‌کی دروست ئاشتیانکهنهوه و بیانگونجێنن ، به‌رپرسیاریه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمه بژێوی ژیانی دانیشتوان چاک بکات و بێ‌کاری که‌م بکاته‌وه‌و هانی ئه‌و خه‌ڵکانه بدات که بگه‌رێنه‌وه ناو لادێکانی خۆیان و کار ئاسانیان بۆ بکات له رووی کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵ داریهو ه، به‌رنامه‌و پرۆژه یاسایه‌ک له و شیوه‌یه دابنرێت که ئه‌و منداڵانه‌ی بێ دایك وباوك وبێ خێزانن ، هه‌وڵ بدرێ خێزانی تازه‌یان بۆ دابێن بکرێت ولانه‌ی تایبه‌تیان بۆ بکرێته‌وه‌و سه‌رپه‌رشتی ته‌واوه‌تیان بۆ بکرێت وبتوانن برۆن بۆ قوتابخانه‌و وخولی راهێنانی وه‌رزشی وهونهریان بۆ ئاماده‌بکات ، هه‌روه‌ها گوێگرتن له منداڵان و چاره‌سه‌رکردنی گیر‌و گرفته‌کانیان گه‌ڕانه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆیان و کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی ته‌ندروستی و جاره‌سه‌رکردنی ئه‌و مندالانه‌ی تووشی گرفتی سێکسی و ماده سرکه‌ره‌کان و خواردنه‌وه وجگه‌ره کێشان بوون به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دکتۆرو توێژه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ده‌روونیی تا بتوانن له کۆتادا ئه‌و منداڵانه له‌گه‌ل کۆمه‌ڵگا ئاشت بکه‌نه‌وه‌و ئیدی وه‌کو که‌سێکی نامۆ به‌کۆمه‌ڵگه ، ره‌فتار نه‌که‌ن . دیاره رۆشنبیری بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک پێویسته به‌تایبه‌تی له رووی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیه‌وه کاتێ خێزان پێك ده‌هێنرێ و مندال دروست ده‌کرێ ، ده‌شێ باسی کێشه‌ی ئه‌و منداڵانه بکرێ که بێ خێزان و چاودێریکردن په‌روه‌رده ده‌کرێن ، پێچه‌وانه‌ش له‌پاشه‌ڕۆژدا کۆـهڵگه باجی ده‌دا . میدیاکان ، که‌ناڵه ته‌له‌فیزیۆنیه‌کان بێ له‌ده‌رگادان خۆیان ده‌که‌ن به‌هه‌موو ماڵێکدا ، ده‌بوایه پلانی پوخته داڕێژن بۆ ئه‌و به‌رنامانه‌ی پێشکه‌ش به بینه‌ری کوردی ده‌که‌ن . من لێره‌دا پێم باشه تیشکێك بخه‌مه سه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌ڤین ژین وژیان، که جێێ داخه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش به‌رنامه‌یه‌کی به‌ناو (له سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌وه) پێشکه‌شی کرد، چه‌ند میوانێكیشی بانگهێشت کردبوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ، ئه‌وه ئێمه‌ین ناوێرین باسی کرۆك بکه‌ین وبه‌ڵکو باسی توێکڵ ده‌که‌ین به‌واتای حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن. ئه‌فین تا کۆتا نه‌یتوانی دان به‌و راستیه‌دا بنێت و په‌نجه‌ی سۆز بخاته سه‌ر ئازاره‌کان که به‌رپرسی یه‌که‌م له‌م ئاریشه‌دا حکومه‌ت ودهساڵاتدارانی ئێمه‌ی کورده، ئه‌وه نه بوونی پلان و که مته رخه می له کۆتاییدا سته می دهسهلاتدارانمانه که ئه‌و منداڵانه له ژێر باری قورسی ژیاندان، ئه‌وه نه‌بوونی و هه‌ژاری وبێکهسییه پاڵ به‌و په پوولانهوه ده‌نێت روو له درنده‌یی بازه‌ره‌کان بکه‌ن وسه‌رماو گه‌رمای دنیا بجێژن ، ئه‌وه نه‌بوونی یاسایه له‌ناو وڵاته‌که‌ماندا، ئه‌وه درنده‌ی ئه‌و که‌سه چاو تێر نه‌بوانه‌یه بۆ قازانجی تایبه‌تی خۆیان منداڵ به‌کار ده‌هێنن ، ئه‌وه تاڵی ژیانی ئه‌و منداڵ و خێزانانه‌یه، ده‌نا کێ پێێ خۆشه منداڵه‌کانی له باوه‌شی گه‌رمی خۆیدا وبهناز په‌روه‌رده نه‌کات، پێم سه‌یر بوو ئه‌ڤین و میوانه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌وه سوور بون که ده‌بێت خێزانه‌کان منداڵاکانیان نه‌نێرن بۆ سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌ڵكو بابچن بۆ خوێندن، له کاتێکدا زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه نانیان نیه بیخۆن ، بێکه‌س و کار‌و لانه‌ن، من پێم وایه چه‌نده ژیان غه‌دری له چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه کردوه ، ئه‌ڤین به خۆی وبه‌رنامه‌که‌ی غه‌درێكی تری لێکردن ، ئه‌مه‌یه کاری که‌ناڵه‌کان، که ده‌بوو ئه‌ڤین بۆ خۆی به بیرکردنه‌وه‌ی خۆی شیکردنه‌وه‌ی نه‌کردایه ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ چاوی کامێرادا له گه‌ڵ ئه‌و منداڵانه چاوپێکه‌وتنی بکردایه و لێیبپرسینایه هۆی چیه تۆ کار ده‌که‌یت، خێزانت هه‌یه، به‌دوا چوونێكی زانستی بۆ بکردایه‌و توێژه‌ری ده‌روونیی و کۆمه‌لایه‌تی بانگهێشت بکردایه‌و راڤه کردنێکی زانستیانه‌ی ده‌رباره‌ی ده‌روونی منداڵ هه‌بووایه و کاردانه‌وه‌یان له پاشه‌رۆژدا وشیکردنه‌وه‌یان تا بینه‌ری کوردی بتوانێ سودی لێوه‌ربگرێت . ئه‌رکی میدیاکانه که ئه‌و بابه‌ته هه‌ستیارانه بوروژێنن که له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌یبین وده‌یبیستن که خه‌ریکه ده‌بێته‌قه‌یران ، هه‌روه‌ها بتوانن له که‌ناڵه‌کانه‌وه داوا له به‌رپرسان بکه‌ن که هاوبه‌شی کۆمه‌ڵێ به‌رنامه بکه‌ن تا راسته‌وخۆ بینه‌ر تێبگات و داوا له وه‌زاره‌تی ناخۆ بکرێت تا به‌دواچوونێکی پێویست دروستی بۆ بکا تا به‌م شێوه‌یه بابه‌ته‌کان دیار و روون بێت لای خه‌لکی وئاگادار بن ، پلان بۆ کۆمه‌ڵی بابه‌تی به‌پێزی منداڵان ومێرمنداڵان دابنرێت که هه‌ست به‌بوونیان بکرێت وه‌ك تاکێکی گرنگی کۆمه‌لگا.نه‌ك له بیر کردن و وه‌لا خستنیان . ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو کوردێکه ، به‌تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی که بژێوی ژیانیان له ئاستێکی زۆر به‌رزدایه ئاورێکی دلسۆزانه به‌رامبه‌ر به خاك و رۆڵه‌کانی نیشتمانه‌که‌یان بده‌نه‌وه‌و هاریکاری و یارمه‌تیی پێشکه‌ش به‌و مناڵانه بکه‌ن هه‌ر که‌س له جێێ خۆیه‌وه، به‌شداری له‌ناوبردنی ئه‌و دیارده دزێوه‌ی ناو کۆمه‌لگا بکات و رێگه نه‌درێ نه‌وه‌کانی داهاتوو بۆ په‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌س به‌کاربهێنرێن و داهاتوویان به فیڕۆ بده ن ، هه‌رچه‌نده دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه ئه‌مه به‌پله‌ی یه‌که‌م ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته‌و دواتر خه‌لکانی تره . منداڵ سونبولی پاکی و ئاینده‌یه‌کی گه‌شی وڵاتانه ، دیارده‌ی به‌رده‌وامبوونی کۆمه‌ڵگایه و دواتریش پێشڕه‌و وداهێنه‌ره و .... له کۆتایی په‌یڤه‌کانمدا هیوادارم چه‌وساندنه‌وه‌ی مناڵان به‌گشتی له‌هه‌موو جیهاندا بنه‌بڕ بکرێ و ونه‌مێنێت به تایبه‌تی مناڵه خێرنه‌دیوه‌کانی نیشتیمانه‌که‌م له‌هه‌ر چوارپارچهکهیدا . شنه پێنجوێنی هۆله‌ندا، 03-04-2010 shnapenjweny@live.nl سه‌رچاوه‌کان> به‌سوپاسه‌وه بیره‌وه‌ریه‌کانی چارلی چاپلین نوسینی چارلی چاپلین: وه‌رگێرانی عه‌لی ئه‌کبه‌ر مه‌جیدی Nederlandstalige Wikipedia خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ بابه‌تی زانستی . نووسینی: شنه پێنجوێنی
ڕێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه: 2010-04-17 13:26:00
بۆچوونه‌كان
له‌لایه‌ن: ali
ڕێكه‌وتی ناردن: 2010-07-05 01:22:38
dastt xosh be rezdar babateki jwan u ba kalka
|
هه‌ڵبژارده‌ی وتاره‌كان
|
||||||
|
|
||||||||